بزنسەکە بەڕاستی گەشە دەکات یان تەنها قەبارەی گەورە دەبێت و لە ناوەوە دەپوكێتەوە

سێ پرسیاری ستراتیژی كە وەستان یان گەشەی بزنسەكە دیاری دەكات وە پشكنینی بزنسەكە دەكات بۆت.

١. ئایا کڕیارە کۆنەکانت، کڕیاری نوێ دەهێنن (بەبێ تێچووی ڕیکلام)؟

(پێوەری دڵسۆزی و کوالێتی)
ئەمە گرنگترین پرسیارە بۆ دڵنیابوون لە داهاتووی بزنسەکە. ئەگەر بزنسێک تەنها پشت بە ڕیکلامی بەردەوام ببەستێت بۆ هێنانی کڕیار، ئەوە لەسەر لێواری مەترسییە. بزنسی گەشەسەندوو دەبێت کڕیارەکانی ببێتە بریکاری فرۆش بۆی.
ئەگەر وەڵامەکە نەخێر بێت، واتە بەرهەمەکەت یان خزمەتگوزارییەکەت ئەوەندە باش نییە خەڵک شانازی پێوە بکات و بە کەسێکی تری بڵێت.
بۆ نموونە:
– بزنسی وەستاو: خواردنگەیەک هەموو مانگێک ١٠٠٠ دۆلار دەدات بە سپۆنسەر، کڕیار دێت نان دەخوات و دەڕوات، بەڵام بۆ جاری دووەم نایەتەوە و بە هاوڕێکانیشی ناڵێت بچن. لێرەدا تێچووی هێنانی کڕیار زۆر بەرزە و بزنسەکە ماندووە.
– بزنسی لە گەشەدا: هەمان خواردنگە، کاتێک ئەحمەد نان دەخوات، ئەوەندە بەدڵییەتی هەفتەی داهاتوو سێ هاوڕێی خۆی دەهێنێت. لێرەدا بزنسەکە بە خۆڕایی ٣ کڕیاری دەستکەوتووە.

٢. ئایا بزنسەکە کەمتر پشت بە تۆ دەبەستێت بەراورد بە ٦ مانگ لەمەوبەر؟

(پێوەری سیستەم و فراوانبوون)
زۆر خاوەنکار گەشەکردن بەوە پێدەپێون کە ئیشیان زۆرتر بووە . بەڵام لە ڕاستیدا، ئەگەر تۆ وەک خاوەنکار ڕۆژانە ١٤ کاتژمێر کار بکەیت و ئەگەر تۆ نەبیت ئیشەکە بوەستێت، تۆ بزنست نییە، بەڵکو تۆ وەزیفەیەکی قورست هەیە.
بزنسی گەشەسەندوو دەبێت بەرەو سیستەم بڕوات. دەبێت کارمەند و بەڕێوەبەرەکان بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن بەبێ ئەوەی هەموو خولەکێک تەلەفۆن بۆ تۆ بکەن.
بۆ نمونە :
– بزنسی وەستاو: خاوەن کۆمپانیایەک خۆی گرێبەست دەکات، خۆی چەک دەنووسێت، خۆی کێشەی کرێکار چارەسەر دەکات. ئەگەر ئەم کەسە نەخۆش بکەوێت، داهاتی کۆمپانیا دەوەستێت.
– بزنسی لە گەشەدا: خاوەنکارەکە سیستەمی فرۆشتن و دارایی داناوە. ئێستا تەنها سەرپەرشتی ڕاپۆرتەکان دەکات و کاتی هەیە بیر لە کردنەوەی لقێکی نوێ بکاتەوە.

٣. ئایا قازانجی پوخت بە هەمان ڕێژەی فرۆش زیاد دەکات؟(پێوەری تەندروستی دارایی)

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرینەی خاوەنکارەکان تێیدا دەکەون. زۆرجار دەڵێن: پارساڵ ١٠ دەفتەر فرۆشم هەبوو، ئەمساڵ ٢٠ دەفتەر . بەڵام کاتێک ورد دەبینەوە، دەبینین قازانجەکە کەمی کردووە!
گەشەکردن واتە پاراستنی قازانجی خاڵس . ئەگەر بۆ ئەوەی فرۆش زیاد بکەیت ناچار بیت داشکاندنی گەورە بکەیت، یان تێچووی زۆر زیاد بکەیت، ئەوە تۆ خەریکی خۆکوژیت نەک گەشەکردن.
بۆ نموونە:
-بزنسی وەستاو: کۆمپانیایەک پارساڵ ١٠٠ پارچەی فرۆشتووە و قازانجی ١٠,٠٠٠$ بووە. ئەمساڵ ٢٠٠ پارچەی فرۆشتووە (دوو هێندە)، بەڵام قازانجەکەی هەر ١٠,٠٠٠$ بووە چونکە خەرجی کرێکار و گواستنەوە زۆر زیادی کردووە. ئەمە گەشە نییە، ئەمە زیادبوونی ماندووبوونە بە خۆڕایی.
-بزنسی لە گەشەدا: لەگەڵ زیادبوونی فرۆش، بەهۆی ئەوەی کڕیاری زیاتری هەیە، دەتوانێت کەرەستە بە کۆ بکڕێت و تێچوو کەم بکاتەوە، بۆیە قازانجی پوخت بەرز دەبێتەوە.

💊 پوختەی كرداری:

ئەگەر دەتەوێت بزنسەکەت هەڵبسەنگێنیت، ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە:
1. ئایا خەڵک باسی باشیمان دەکەن؟ (ناوبانگ)
2. ئایا من دەتوانم هەفتەیەک دەوام نەکەم و ئیشەکە تێک نەچێت؟ (سیستەم)
3. ئایا پارەی نەختینە (کاش) لە گیرفانمدا زیادی کردووە یان تەنها ژمارەی فرۆش؟ (قازانج)

🔬ئەنجامی پشکنینەکە چی بوو؟

ئەگەر وەڵامەکەت بۆ ئەو پرسیارانە بەم شێوەیە بوو:
❌ کڕیارەکانت خۆیان دەنگدانەوە دروست ناکەن و كڕیاری نوێ ناهێنن.
❌ ئەگەر تۆ نەبیت کارەکان دەوەستن یان خاو دەبنەوە، یان زۆر سەرقاڵت دەكەن بەپرسیاركردن.
❌ قازانجت بەراورد بە ماندووبوونەکەت کەمە.
🌐ئەوە مانای وایە تۆ پێویستت بە بونیادنانەوەی شێوازی بیرکردنەوە و سیستەمی کارکردنە . تۆ پێویستت بەوەیە لە کارکردن لەناو بزنسەکەت بگوازیتەوە بۆ کارکردن لەسەر بزنسەکەت .

 

07503077651

وەڵامێک بنووسە