7 هەڵەی بەرێوەبەران کە بزنسەکە هەژار و قەرزار دەکات

7 هەڵەی بەرێوەبەران کە بزنسەکە هەژار و قەرزار دەکات
.
1.تێکەڵکردنی گیرفانی ماڵەوە و قاسەی بزنسەکە  🏠❌🏢 
ئەمە باوترین و مەترسیدارترین هەڵەیە. زۆرێک لە بەڕێوەبەران وای دەبینن کە مادام بزنسەکە هی خۆیانە، کەواتە پارەی ناو قاسەکەش هی خۆیانە. بۆ نمونە خاوەنی مارکێتێک. ڕۆژانە نزیکەی ٥٠ هەزار دینار لە قاسەکە دەردەهێنێت بۆ خەرجی ماڵەوە و منداڵەکانی، بەڵام نای نووسێت چونکە دەڵێت “هی خۆمە”. لە کۆتایی ساڵدا، نزیکەی ١٨ ملیۆن دینار لە سەرمایەی بزنسەکە ونە، بەڵام نازانێت بۆچی ناتوانێت ڕەفەکانی پڕ بکاتەوە.
.
٢. نەزانینی جیاوازی نێوان “قازانج” و “پارەی نەقد” (سيولە) 💵🤔 
زۆر بەڕێوەبەر دڵخۆشن بەوەی لە دەفتەرەکەیاندا قازانجیان کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا گیرفانیان بەتاڵە. دەکرێت تۆ لەسەر کاغەز قازانجت کردبێت، بەڵام هەموو پارەکە لای خەڵک بێت (قەرز) یان کرابێت بە کاڵا و لە کۆگا کەوتبێت. نەبوونی پارەی نەقد (سیولە) بزنس دەکوژێت، نەک نەبوونی قازانج.
کۆمپانیاکەیەك گرێبەستێکی گەورەی کردووە و ١٠ ملیۆن دینار قازانجی تیایە، بەڵام پارەکە ٦ مانگی تر وەردەگرێت. ئێستا کاتی دانی مووچەی فەرمانبەرانە و یەک دیناری نییە مووچە بدات. فەرمانبەرە باشەکان دەڕۆن و ئیشەکە دەوەستێت، تەنها لەبەر ئەوەی پلانی بۆ “هاتن و ڕۆیشتنی پارە” دانەنابوو.
.
٣. دانانی نرخ بەبێ ئەژمارکردنی تێچووە شاراوەکان 🏷⚠️ 
زۆرکەس تەنها تێچووی کڕینی کاڵاکە هەژمار دەکەن و قازانجی دەخەنە سەر. ئەوان بیر لە تێچووی (کات، کارەبا، کرێ، ونبوون، گواستنەوە، و باج) ناکەنەوە. ئەمە وا دەکات وردە وردە لە سەرمایەی خۆیان بخۆن بێ ئەوەی هەستی پێ بکەن.
خواردنگەیەك، هەر ژەمێک بە ٥ هەزار دەفرۆشێت چونکە کەرەستەکان ٣ هەزار دەکەون. ئەو وا دەزانێت ٢ هەزار قازانج دەکات. بەڵام ئەگەر کرێی دوکان، کرێی شاگرد، گاز و کارەبا دابەش بکەینە سەر هەر ژەمێک، تێچووەکە دەبێتە ٤٨٠٠ دینار! واتە کاروان لە هەر ژەمێک تەنها ٢٠٠ دینار قازانج دەکات، نەک ٢ هەزار، کە ئەمەش بەشی نوێکردنەوەی کەلوپەلەکان ناکات.
.
٤. خەرجکردن بۆ شتی لاوەکی پێش بەهێزکردنی بنەماکان (خۆدەرخستن) 🏎🚫 بەشێک لە بەڕێوەبەران کاتێک کەمێک پارە پەیدا دەکەن، خێرا دەست دەکەن بە نوێکردنەوەی دیکۆری ئۆفیس، کڕینی ئۆتۆمبێلی گرانبەها بۆ خۆیان، یان کڕینی مێز و کورسی شاهانە، لەکاتێکدا هێشتا سیستەمی فرۆشتنیان لاوازە. پارە دەبێت لە شوێنێک خەرج بکرێت کە پارەی ترت بۆ بهێنێتەوە.کۆمپانیایەکی نوێی دیزاین، هەموو سەرمایەکەیان دا بە کرێی ئۆفیسێکی گەورە لە شەقامێکی سەرەکی و کڕینی مۆبیلیاتی گرانبەها. دوای ٣ مانگ، پارەیان نەما بۆ ڕیکلامکردن و دۆزینەوەی کڕیار. دەرەنجام؟ دانیشتن لەسەر قەنەفەی گرانبەها، بەڵام بە بێکاری.
.
٥. بڕینی بودجەی بەبازاڕکردن لە کاتی تەنگانەدا 📢✂️
کاتێک دۆخی بازاڕ کەمێک سست دەبێت، یەکەم شت کە بەڕێوەبەرە نەشارەزاکان دەیکەن بریتییە لە ڕاگرتنی ڕیکلام و بەبازاڕکردن. ئەمە وەک ئەوە وایە لەبەر ئەوەی بەنزینت کەمە، بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکەت بکوژێنیتەوە بەو هیوایەی بگەیتە شوێنی مەبەست! بەبازاڕکردن تێچوو نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە بۆ هێنانی کڕیار.
.
٦. بەکارهێنانی کارمەندی هەرزان و بێ ئەزموون لە شوێنی هەستیار 👨‍🔧📉 وتەیەکی ئینگلیزی هەیە دەڵێت: “ئەگەر پێت وایە شارەزا گرانە، تاقی بکەرەوە بزانە نەزان چەند لەسەرت دەکەوێت.” زۆر بەڕێوەبەر بۆ کەمکردنەوەی خەرجی، کەسانی بێ ئەزموون یان خزم و دۆست دادەمەزرێنن کە توانایان نییە. زیانی هەڵەیەک کە کارمەندێکی خراپ دەیکات، دەکرێت بەرامبەر مووچەی ساڵێکی بێت.
.
٧. نەبوونی سندوقی فریاگوزاری و پلانی داهاتوو ☔️🔮
بازاڕ هەمیشە یەک ڕیتم نییە؛ وەرز هەیە، قەیران هەیە، نەخۆشی هەیە. زۆر بزنس هەموو داهاتەکەیان دابەش دەکەن یان خەرجی دەکەنەوە. کاتێک مانگێک فرۆش دەوەستێت، یەکسەر مایەپووچ دەبن چونکە هیچ “چەورییەکیان” کۆنەکردۆتەوە بۆ ڕۆژی تەنگانە. ئەگەر وەك نمونە بۆتان باس بكەم لە کاتی کۆرۆنادا، زۆرێک لەو ڕێستۆرانتانەی کە زۆر بەناوبانگ بوون داخرا، چونکە خاوەنەکانیان هەموو قازانجەکەیان دەبردە دەرەوە و پارەی ٣ مانگیان نەبوو بۆ کرێ و خەرجی بەبێ ئیشکردن.
.
🛠 هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەر:
ئەگەر دەتەوێت ڕێڕەوی بزنسەکەت ڕاست بکەیتەوە، لەمڕۆوە ئەم هەنگاوانە بنێ:
•  مووچە بۆ خۆت دیاری بکە: هەرگیز دەست بۆ قاسە مەبە. مانگانە مووچەیەکی دیاریکراو بۆ خۆت بنووسە و وەک فەرمانبەرێک مامەڵە لەگەڵ خۆت بکە.
• هەژماری جیاواز: حیسابی بانکی یان قاسەی ماڵەوە و بزنسەکەت بە تەواوی لێک جیا بکەرەوە.
• شیکاریی تێچوو: دابنیشە و هەموو تێچووە وردەکان (تەنانەت پاککەرەوە و چا و قاوەی ئۆفیس) هەژمار بکە و بیخەرە سەر نرخی کاڵاکەت.
• سندوقی یەدەگ: هەوڵ بدە ١٠٪ی قازانجی مانگانە بخەیتە سندوقێکەوە کە دەستکاری ناکرێت مەگەر بۆ ڕووداوی نەخوازراو.
• چاودێری هەفتانە: چاوەڕێی کۆتایی ساڵ مەکە. هەموو پێنجشەممەیەک پێداچوونەوە بۆ داهات و خەرجی ئەو هەفتەیە بکە.

وەڵامێک بنووسە