بۆچی تەنها یەکجار دەکڕن و ئیتر نایەنەوە؟

نهێنییەکانی گۆڕینی کڕیاری تێپەڕ بۆ کڕیاری هەمیشەیی

ئایا تا ئێستا هەستت بەو ئازارە کردووە کاتێک دەبینیت کەسێک دێت لات دەکڕێت، زۆر ڕازییە، بەڵام دواتر بۆ ماوەی ساڵێک دەنگ و ڕەنگی نامێنێت؟

گەورەترین “کون” لە سەتڵی داهاتی زۆربەی بزنسەکاندا ئەوەیە کە هەموو تەرکیزیان خستووەتە سەر ڕاوکردنی کڕیاری نوێ، بەڵام ئەوانەی کە ڕاو کراون فەرامۆش دەکرێن. ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە. زۆربەی فرۆشیار و بەڕێوەبەران وادەزانن فرۆشتن لەو ساتە کۆتایی دێت کە پارەکەت وەرگرت، بەڵام لە ڕاستیدا، فرۆشتنی زیرەکانە لەو ساتەوە دەست پێدەکات.

بۆچی ئەم بابەتە چارەنووسسازە؟

بەپێی توێژینەوە جیهانییەکانی بواری بازاڕسازی، تێچووی هێنانی کڕیارێکی نوێ ٥ بۆ ٧ هێندە زیاترە لە تێچووی پاراستنی کڕیارێکی کۆن. واتە ئەگەر ١٠ دۆلار خەرج بکەیت تا کەسێک بێنیتە ناو دوکانەکەت، تەنها بە ٢ دۆلار دەتوانیت کڕیارە کۆنەکەت بێنیتەوە. هەروەها، ئەگەر بتوانیت ڕێژەی گەڕانەوەی کڕیار تەنها ٥٪ زیاد بکەیت، دەکرێت قازانجی کۆتاییت بە ڕێژەی ٢٥٪ بۆ ٩٥٪ زیاد بکات. بۆیە گەڕانەوەی کڕیار تەنها تاکتیک نییە، بەڵکو خودی قازانجەکەیە.

 

١. نامەی دەستنووس و سوپاسگوزاریی شەخسی (بەهای سۆزداری) لە دنیایەکدا کە هەموو شتێک بووە بە دیجیتاڵی و ئامێر وەڵامت دەداتەوە، نامەیەکی بچووک لەسەر کاغەز کە بە دەستی خۆت نووسیبێتت و ناوی کڕیارەکەی لەسەر بێت، کاریگەرییەکەی وەک سیحرە. کاتێک کڕیار کاڵاکەی بەدەست دەگات یان خزمەتگوزارییەکەی وەردەگرێت و دەبینێت خاوەن کارەکە بە دەستی خۆی بۆی نووسیوە: “سوپاس کاک محەمەد، هیوادارم ئەم کاڵایە سوودی هەبێت بۆت”، هەستێکی مرۆڤانەی قوڵ دروست دەکات. ئەمە تەنها کاڵا فرۆشتن نییە، ئەمە دروستکردنی پەیوەندییە.

٢. پەیوەندیی “دڵنیابوونەوە” نەک “فرۆشتن” زۆربەی بازرگانەکان تەنها کاتێک تەلەفۆن بۆ کڕیار دەکەن کە کاڵای نوێیان هێنابێت. تۆ جیاواز بە. سێ ڕۆژ بۆ هەفتەیەک دوای کڕینەکە، پەیوەندییان پێوە بکە یان نامەیەکی دەنگییان بۆ بنێرە تەنها بۆ یەک مەبەست: “سڵاو، ویستم دڵنیا ببمەوە ئایا لە بەکارهێنانی بەرهەمەکە کێشەت نییە؟ هەموو شتێک بە دڵی تۆیە؟”. کاتێک کڕیار دەبینێت تۆ خەمی ئەوەتە کێشەی نەبێت نەک تەنها پارەکەیت ویستبێت، متمانەیەکی زیرەكانەت پێ دەکات بۆ کڕینی دووەم.

٣. پەیوەندیی لە کاتی پێشبینیکراوی تەواوبوون ئەمە ستراتیژییەکی زیرەکانەیە بۆ ئەو کاڵایانەی کە بەکاردەهێنرێن و تەواو دەبن (وەک بۆن، جوانکاری، خواردن، دەرمان، یان هەر شتێکی بەکاربردن). ئەگەر دەزانیت ئەو پاکەتەی کڕیار بردی بەشی ٣٠ ڕۆژ دەکات، تۆ دەبێت لە ڕۆژی ٢٥ەم پەیوەندی بکەیت یان نامە بنێریت. بیرخەرەوەیەکی دۆستانە: “بەڕێزم، پێدەچێت بەرهەمەکەت بەرەو تەواوبوون بڕوات، دەمانەوێت بێ بەش نەبیت لە بەردەوامی، ئایا بۆت بنێرینەوە؟”. ئەمە خزمەتە نەک بێزارکردن، چونکە تۆ لە بیرچوونەوە ڕزگارت کردووە.

٤. پەروەردەکردنی کڕیار لەسەر بەرهەمەکە دوای ئەوەی کڕیار شتێکی لێ کڕیت، مەهێڵە لێی تێک بچێت یان نەزانێت بەکاری بهێنێت. بۆی بنێرە: “چۆن ئەم جلە دەشۆیت تا تێک نەچێت؟” یان “چۆن ئەم ئامێرە بەکار دەهێنیت بۆ باشترین ئەنجام؟”. کاتێک تۆ فێری دەکەیت چۆن سوود لە شتەکەت وەربگرێت، تۆ دەبیت بە ڕاوێژکاری ئەو، نەک تەنها فرۆشیار. کڕیار هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەو کەسەی کە زانیاری پێ دەبەخشێت.

٥. دروستکردنی بۆنەی تایبەت بۆ کڕیارە کۆنەکان (هەستی جیاوازی) مەرج نییە هەموو داشکاندنێک بۆ هەموو خەڵک بێت. جاروبار نامە یان ئۆفەرێک ڕابگەیەنە کە تەنها و تەنها بۆ ئەو کەسانە بێت کە پێشتر لێت کڕیون. پێیان بڵێ: “ئەم نرخە تایبەتە بۆ ئێوەیە چونکە ئێوە بەشێکن لە ئێمە، ئەمە بۆ خەڵکی دەرەوە نییە”. ئەم هەستە (کە ئەو لە خەڵکی ئاسایی جیاوازتر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت) وا دەکات هەرگیز بیر لە جێهێشتنت نەکاتەوە.

٦. دیاریی بچووک و چاوەڕواننەکراو مرۆڤەکان عاشق سوپرایزن. لە کڕینی دووەمدا، یان لە بۆنەیەکدا، شتێکی بچووک (کە تێچووی کەم بێت بەڵام بەهای هەبێت) بخەرە ناو کیسەکەیەوە یان بۆی بنێرە. پێویست ناکات شتێکی گران بێت، دەکرێت تەنها پارچە چوکڵاتەیەک بێت، یان اکسسوارێکی بچووک. یاسای دەروونناسی دەڵێت: کاتێک مرۆڤ دیارییەک وەردەگرێت، هەست بە قەرزاری دەکات و دەیەوێت بە کڕینەوەی زیاتر پاداشتت بداتەوە.

٧. داوای ڕا و سەرنج وەک “هاوبەش” نەک وەک “کڕیار” بە کڕیارە وەفادارەکانت بڵێ: “ئێمە دەمانەوێت بەرهەمێکی نوێ بهێنین، یان دەمانەوێت دیکۆرەکەمان بگۆڕین، بە ڕای تۆ کامیان باشە؟”. کاتێک پرس بە کڕیار دەکەیت، ئەو هەست دەکات بەشێکە لە خاوەندارێتی بزنسەکە. مرۆڤەکانیش حەز بە سەرکەوتنی ئەو شوێنە دەکەن کە خۆیان بەشدارن لە بڕیارەکانیدا.

دەرەنجام: گەڕانەوەی کڕیار پەیوەست نییە بەوەی کاڵاکەت چەند باشە، بەڵکو پەیوەستە بەوەی کڕیارەکە “چ هەستێک”ی لا دروست دەبێت کاتێک مامەڵەت لەگەڵ دەکات. کاڵا لە هەموو شوێنێک هەیە، بەڵام “گرنگیپێدان” دەگمەنە. تۆ ئەو کەسە بە کە گرنگی دەدات، ئەوکات کڕیار دەبێت بە پارێزەری سەرسەختی بزنسەکەت.

07503077651

وەڵامێک بنووسە