ئایا تۆ بەڕاستی “خاوەنکاریت” یان تەنها “بەرزترین مووچەخۆری” کۆمپانیا و بزنسەکەی خۆتیت؟
(خوێندنەوەی ئەم بابەتە ڕەنگە تێڕوانینت بۆ ژیانی پیشەییت بە تەواوی بگۆڕێت)
زۆربەی ئێمە کاتێک دەست بە بزنسێک دەکەین، خەونەکەمان “ئازادی”یە. ئازادی کات، ئازادی دارایی، و ئازادی بڕیار. بەڵام دوای چەند ساڵێک، زۆرێکمان خۆمان لە دۆخێکدا دەبینینەوە کە تەواو پێچەوانەی خەونەکانمانە. کار دەکەین ١٢ بۆ ١٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، مۆبایلەکەمان ساتێک بێدەنگ نابێت، و ئەگەر یەک ڕۆژ نەچینە سەر کار، هەموو شتێک پەکی دەکەوێت! 
دەمەوێت دەست بخەمە سەر برینێکی قووڵ لە بەڕێوەبردنی بزنسدا.
پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا تۆ خاوەنکاریت؟ یان تۆ تەنها کارمەندێکی پلە باڵایت لە کۆمپانیاکەی خۆت کە زۆرترین مووچە وەردەگریت؟
با پێکەوە ئەم گرێکوێرەیە بکەینەوە. 
١. ئایا داهاتی بزنسەکەت وەک خۆی دەمێنێتەوە یان زیاد دەکات؟ 
٢. یان هەموو شتێک تێکدەچێت، کڕیارەکان توڕە دەبن، و کارمەندەکان نازانن چی بکەن؟ 
ئەگەر وەڵامەکەت خاڵی دووەمە، ببورە کە پێت دەڵێم: تۆ خاوەنکار نیت، تۆ بەندەی کارەکەی خۆتیت! تۆ تەنها کارێکی قورست بۆ خۆت دروستکردووە کە بەبێ تۆ هەناسە نادات.
لێرەدا هەڵە گەورەکە ڕوودەدات. زۆربەی خاوەنکارەکان گیرۆدەی وردەکارییەکانی ڕۆژانە دەبن (وردە بەڕێوەبردن :Micromanagement).
تۆ خۆت وەڵامی تەلەفۆن دەدەیتەوە. 
تۆ خۆت کێشەی کڕیارەکان چارەسەر دەکەیت. 
تۆ خۆت چاودێری هەموو وردەکارییەکی دارایی دەکەیت. 
تۆ خۆت بڕیار لەسەر ڕەنگی بۆیەی دیوارەکان دەدەیت! 
کاتێک تۆ هەموو ئەمانە دەکەیت، تۆ ڕۆڵی “بەڕێوەبەری جێبەجێکار” و “فرۆشیار” و “ژمێریار” دەگێڕیت، نەک “خاوەنکار”. خاوەنکار ئەرکی ئەوەیە سیستەم دروست بکات، نەک کار بکات.
خاوەنکاری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە “مەکینەیەک” دروست دەکات کە پارە و بەها بەرهەم دەهێنێت تەنانەت کاتێک خۆیشی خەوتووە. بەڵام “مووچەخۆرە باڵاکە” خۆی بەشێکە لە مەکینەکە، ئەگەر ئەو بوەستێت، مەکینەکەش دەوەستێت. 

کاک ئەحمەد خاوەنی کۆمپانیایەکی دابەشکردنی خۆراکە. پیاوێکی زۆر زیرەکە و ساڵانە قازانجێکی باش دەکات. بەڵام کاک ئەحمەد کێشەیەکی گەورەی هەیە: هیچ کارمەندێک ناتوانێت بەبێ ئەو نرخ بداتە کڕیار. هیچ کاڵایەک بەبێ ئیمزای ئەو لە کۆگا دەرناچێت. هەموو شەوێک تا کاتژمێر ١٠ خەریکی حساباتە.
کاک ئەحمەد دەڵێت: “کەس وەک من دڵسۆز نییە، کەس وەک من کارەکە نازانێت.” ئەم قسەیە ژەهرە!
کاک ئەحمەد وادەزانێت خاوەن بزنسە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو خاوەنی زیندانێکە. ئەو ناتوانێت گەشە بکات، چونکە کاتژمێرەکانی ڕۆژی ئەو سنووردارن. بزنسەکەی ناتوانێت گەورەتر بێت لە توانای بازووەکانی کاک ئەحمەد. ئەمە پێی دەوترێت “تەنگەگەروی دامەزرێنەر” (Founder’s Bottleneck).
مەترسییەکانی مانەوە لەم دۆخەدا:
١. پووکایەوەی جەستەیی و دەروونی : وزەی تۆ سنووردارە، دوای چەند ساڵێک دادەڕمێیت. 
٢. نەمانی گەشە: بزنسەکەت لە ئاستێکدا دەچەقێت و گەورە نابێت، چونکە تۆ ناتوانیت هەموو شتێک بەڕێوە ببەیت. 
٣. نەمانی بەهای بزنسەکە: ئەگەر بمانەوێت بزنسەکەت بفرۆشین، کەس نایکڕێت! چونکە بزنسەکە “تۆیت”. ئەگەر تۆی لێ دەربکەین، بزنسەکە بەهای نامێنێت. 
٤. کێشەی خێزانی: کاتێک تۆ ٢٤ کاتژمێر مێشکت لای کارە، خێزان و منداڵەکانت باجەکەی دەدەن. 
ڕێگەچارەی ڕزگاربوون: چۆن لە مووچەخۆرەوە دەبیت بە خاوەنکار؟
ئەمە نەخشەڕێگایەکی پراکتیکییە بۆ ئەوەی زنجیرەکان بپچڕێنیت و ئازادی بەدەست بهێنیتەوە:
١. گۆڕینی بیرکردنەوە :
دەبێت بوەستیت لە وتنەوەی “خۆم دەیکەم باشترە”. دەبێت فێر بیت کە “باش” کە لەلایەن سیستەمێکەوە بکرێت، باشترە لە “نایاب” کە تەنها بە دەستی خۆت بکرێت. قبوڵ بکە کە کارمەندەکانت سەرەتا ٧٠٪ی کوالێتی تۆ کار دەکەن، بەڵام بە ڕاهێنان دەگەنە ٩٥٪.
٢. بە بەڵگەکردن و نووسینەوەی کارەکان (SOP):
هەر کارێک کە لە کۆمپانیاکەتدا دووبارە دەبێتەوە، دەبێت “ڕێبەری” بۆ بنووسرێت. چۆن وەڵامی تەلەفۆن دەدرێتەوە؟ چۆن کێشەی کڕیار چارەسەر دەکرێت؟ چۆن پارە وەردەگیرێت؟ کاتێک ئەم ڕێبەرانەت هەبوو، ئیتر کارەکە پەیوەست نابێت بە کەسەکانەوە، بەڵکو پەیوەست دەبێت بە “سیستەم”ەکەوە.
٣. دەسەڵات شۆڕکردنەوە (Delegation):
ئەمە قورسترین بەشە بۆ خاوەنکارەکان. دەسەڵات بدە بە بەڕێوەبەرانی بەشەکان. ڕێگەیان بدە هەڵەی بچووک بکەن بۆ ئەوەی فێر ببن. ئەگەر تۆ هەموو بڕیارەکان بدەیت، تۆ تەنها “یاریدەدەر”ت دامەزراندووە نەک “بەڕێوەبەر”.
٤. پشت بەستن بە داتا نەک هەست:
سیستەمێک دابنێ کە هەموو هەفتەیەک ڕاپۆرتت پێ بگات. ژمارەی فرۆش، ڕێژەی قازانج، سکاڵای کڕیار. کاتێک ژمارەکان دەبینیت، پێویست ناکات خۆت لەناو دوکان یان کۆمپانیا بیت بۆ ئەوەی بزانیت کارەکان باش دەڕۆن.
٥. تەرخانکردنی کات بۆ “بیرکردنەوەی ستراتیژی”:
هەفتەی دوو ڕۆژ تەرخان بکە تەنها بۆ پلاندانان بۆ داهاتوو، دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ، و دروستکردنی پەیوەندی. ئەمەیە کاری ڕاستەقینەی خاوەنکار.
هەنگاوی یەکەم ئەمڕۆ بنێ: یەک ئەرک دیاری بکە کە هەمیشە خۆت دەیکەیت، ڕێنمایی بۆ بنووسە، و بیدە بە یەکێک لە کارمەندەکانت و چاودێری بکە. لێرەوە ئازادی دەست پێدەکات.
هەنگاوی كرداری:
ئەگەر ئەمڕۆ بڕیار بدەیت بۆ ماوەی مانگێک سەفەر بکەیت، گەورەترین ترس یان کێشە کە ڕووبەڕووی بزنسەکەت دەبێتەوە چییە؟
07503077651

